ده‌رباره‌ى گۆڤار و ماڵپه‌رِى (140)

هه‌ر داموده‌زگا و بلاَوكراوه‌یه‌كى راگه‌یاندن چ بینراو، یاخود بیستراو بیَت، به‌پیَى سیسته‌م و پرۆگرامیَك سیاسه‌تی كاره‌كانى خۆى بنیات ده‌نیَت. ئیَمه‌ له‌ گۆڤار و ماڵپه‌رِى (140)، به‌پیَى سیسته‌م و به‌رنامه‌یه‌كى تایبه‌ت كارمان كردووه‌ و كار ده‌كه‌ین، كه‌ جیاوازى زۆرى له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانى دیكه‌ى راگه‌یاندنى حزبى و حكومى هه‌یه‌. هه‌ر ده‌زگایه‌ك له‌ ده‌سپیَكى كاره‌كانیدا، ئامانجى سه‌ره‌كیی كاره‌كانى دریَژخایه‌ن و به‌هیَزبوونى رۆژانه‌ی ده‌كاته‌ پرِخویَنه‌ربوونى، كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش له‌ گۆرِه‌پانى سیاسه‌تى كار و پیشه‌ى راگه‌یاندنی خۆیدا ده‌كاته‌ دروشمى كاركردن.
گۆڤار و ماڵپه‌رِى (140)، ته‌واو به‌ پیَچه‌وانه‌ى هه‌موو ده‌زگاكانى دیكه‌ كاریكردووه‌، له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ئه‌ركى سه‌ره‌كى ئیَمه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زۆرترین راستى و دیكۆمیَنتارى له‌سه‌ر مادده‌ی ( 140) و پرسى ناوچه‌دابرِاوه‌كان بخه‌ینه‌رِوو. له‌هه‌مبه‌ر به‌هیَزكردن و كاریگه‌ركردنى مادده‌ى (140)، ناساندنى زیاترى ناوچه‌دابرِاوه‌كانى هه‌ریَمى كوردستان و خستنه‌رِووى راستیى رووداوه‌كان بۆ شه‌قامى عیَراقی، سووربوون له‌سه‌ر پیاده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى كۆمارى عیَراقى فیدرِاڵ، به‌تایبه‌تی مادده‌ى (140) بنه‌مای ستراتیژیی كاری ئیَمه‌ بووه‌. ئیَمه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروستبوونى رۆژنامه‌ى (+58)، كه‌ خۆى له‌رِاستیدا وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كى دوو هه‌فته‌یى ده‌رده‌چوو، تا گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئاسته‌، كه‌ به‌پیَى ریَرِه‌وى گۆرِینى ده‌ستوورى عیَراق له‌ مادده‌ى (58)ـه‌وه‌ بۆ مادده‌ى (140)، ئیَمه‌ش ناوى رۆژنامه‌كه‌مان گۆرِى بۆ گۆڤارى (140)، دواتر بیرۆكه‌ى گۆڤار و پاشانیش ماڵپه‌رِه‌كه‌مان په‌ره‌پیَدا، كه‌ ئیَستاش شان به‌شانى ماڵپه‌رِه‌كانى دیكه‌ی كوردستان و عیَراق كارده‌كات. له‌م پیَناوه‌شدا بووه‌ته‌ مینبه‌ریَكى ئازادی خستنه‌رِووى راستییه‌كان. له‌ هه‌موو بواره‌كانى سیاسى، ئیدارى، كۆمه‌لاَیه‌تى، جوگرافى و دیموگرافیی كۆمه‌ڵگه‌ى عیَراق به‌گشتى، كوردستان به‌تایبه‌ت بویَرانه‌ و ئازادانه‌ كاریكردووه‌، كه‌ خزمه‌تی پیَشوه‌بردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و سیاسیی گه‌لانی عیَراق ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا به‌رده‌وام داكۆكیی له‌ جیَبه‌جیَكردنی مادده‌ی (140)ی ده‌ستووری عیَراق كردووه‌ و ده‌كات، كه‌ پیَیوایه‌ جیَبه‌جیَكردنی ئه‌م مادده‌ ده‌ستوورییه‌، شاده‌ماری چه‌سپاندنی دیموكراسی و پیَكه‌وه‌ ژیانی برایانه‌ و ئاشتیی گروپ و لایه‌نه‌ ئه‌تنیكه‌كانی كه‌ركوك و ناوچه‌دابرِاوه‌كانی كوردستان و عیَراقه‌، بۆ ئه‌مه‌ش سووربوونى له‌سه‌ر جیَبه‌جیَكردنی ئه‌م مادده‌ ده‌ستوورییه‌، كه‌ ناوه‌كه‌ى به‌خۆیه‌وه‌تى (گۆڤار و ماڵپه‌ری) مادده‌ی (140)، هیَمای دڵسۆزی  و جددیبونی ئیَمه‌یه‌، بۆ گه‌یشتن به‌ كه‌شیَكی سیاسیی ئازاد، ئارام و دیموكراسی.
ئاشكرایه‌، دریَژه‌ی كار و ئه‌ركى ئیَمه‌ له‌ گۆڤار و ماڵپه‌رِى (140)دا، پابه‌نده‌ به‌ جیَبه‌جیَكردنی مادده‌ی (140)ی ده‌ستووری كۆماری عیَراقی فیدرِاڵ. هه‌ر كاتیَك ئه‌م مادده‌ ده‌ستوورییه‌ به‌ته‌واوى جیَبه‌جیَكرا، ئیَمه‌ش وه‌ك ستافى گۆڤار و ماڵپه‌رِى (140)، به‌ راگه‌یانراویَكى فه‌رمى ماڵئاوایى و كۆتاییهیَنان به‌ كاره‌كانمان راده‌گه‌یه‌نین. لیَره‌شدا ئیَمه‌ وه‌ك ستافى گۆڤار و ماڵپه‌رِى (140)، پابه‌ندبوون و سووربوونى خۆمان له‌پیَناوی كاركردنى شه‌و و رۆژ، بۆ هه‌رچی زیاتر خستنه‌رِووى راستیى میَژوویى، بوون به‌ زمانحالی راستگۆیانه‌ى مادده‌ی (140)ی ده‌ستوورى كۆمارى عیَراقى فیدرِاڵ، راده‌گه‌یه‌نین.