رۆژ نوری شاوه‌یس جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، چوارشه‌ممه، داوای له سه‌رجه‌م قه‌واره سیاسییه‌كانی عێراق كرد په‌له بكه‌ن له‌پێكهێنانی حكومه‌ت، هاوكات هۆشداریی دا له ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت.
شاوه‌یس كه سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری كوردستانه له به‌غدا له لێدوانێكدا رایگه‌یاند “پێویسته سه‌رجه‌م قه‌واره سیاسییه‌كان بگه‌نه چاره‌سه‌رێكی گونجاو كه ره‌زامه‌ندییه‌كی نیشتیمانی بێنێته ئاراوه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قۆناغی چه‌قبه‌ستنه‌ی ئێستا وڵاتی پێدا تێپه‌ڕده‌بێت”.
ناوبراو وتیشی “پێویسته هه‌مووان بزانن كه ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه به‌م شێوه‌یه بمێنێته‌وه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناچار ده‌بێت ته‌ده‌خول بكات، به‌ڵام مه‌رج نییه چاره‌سه‌ری ده‌ره‌كی وه‌ك چاره‌سه‌ری نیشتیمانی بێت‌و ده‌شێت چاره‌سه‌ری ده‌ره‌كی به‌ئازار بێت”.
شاوه‌یس داوای له سه‌رجه‌م كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان كرد “رۆڵی خۆیان بگێڕن له سه‌رخستنی به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتیمانی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تردا‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی شه‌قامی عێراقی كه به‌ده‌ست كه‌میی خزمه‌تگوزاری‌و نه‌بوونی دڵنیاییه‌وه ده‌ناڵێنێت”.
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق راشیگه‌یاند كه چاوه‌ڕوان ده‌كات “سیاسییه عێراقییه‌كان له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا بگه‌نه ده‌ستكه‌وتێكی نیشتیمانی كه له‌گه‌ڵ پێداویستیی نیشتیمانی‌و مرۆیی گه‌لی عێراقدا بگونجێت به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانییه‌وه”، جختیشیكرده‌وه له‌سه‌ر گرنگیی “فاكته‌ری كات كه تێده‌په‌ڕێت‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی سودی لێ ببینرێت به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت، ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی خراپی له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسی‌و چاره‌سه‌ره نیشتیمانییه‌كان ده‌بێت”.
ماوه‌ی چوار مانگ زیاتره قه‌یرانی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌عێراق به‌رده‌وامه‌و هه‌تا ئێستا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته سیادییه‌كان‌و پێكهێنانی حكومه‌ت رێك نه‌كه‌وتوون، هاوكات دانیشتنی په‌رله‌مانی نوێ چه‌ند جارێك دواخراوه بۆ ئه‌وه‌ی بوار بدرێته لایه‌نه‌كان بگه‌نه رێكه‌وتنێك له‌و باره‌یه‌وه.
Le jamawarnews wergirawe